قیاس
ئەم وتارە لەبارەی قیاسی مەنتقییەوە نووسراوە؛ بۆ قیاس بە مانای بڕینەوەی حوکمێ بە پێی حوکمێکی تر بە بۆنەی لێکچوونیان، قیاس (فیقھ) ببینە.
ئەم وتارە لەبارەی قیاس بە مانای syllogismەوە نووسراوە؛ بۆ قیاس بە مانای deduction، وتاری ھەڵھێنجان ببینە.
لە لۆژیکدا، قیاس (لە ھەندێ لە سەرچاوە کوردییەکانا «سیلۆجیزم»ی پێ دەوترێ کە ناوە یۆنانییەکەیەتی) چەشنێک بەڵگەیە کە دوو پێشەکیی دروستی ھەیە و ئاکامەکەی بە ھەڵھێنجان جێبەجێ بووە.[١] بەو دوو پێشەکییە دەڵێن پێشەکییە گەورەکە و پێشەکییە گچکەکە، یان کوبرا و سوغرا. ئەوەی کە لە قیاسدا پێشەکییەکان دروستن و، بۆ ئاکامگری ھەڵھێنجان بە کار دەگیردرێ، بەو مانایە دێ کە ئاکامەکەی ناتوانێ ھەڵە بێ و بەناچار دروست دەردێت.[٢]
بۆ وێنە، دەزانین ئینسان فانییە (پێشەکیی گەورە یان کوبرا) و سوقراتیش ئینسانە (پێشەکیی گچکە یان سوغرا)، بۆیە ڕەوایە بەو ئاکامە بگەین کە سوقراتیش فانییە.
وشەی «قیاس» بە مانای پێکگرتن دێت و لە لۆژیک و فەلسەفەی ئیسلامیدا لە سەردەمی بزاڤی وەرگێڕانی دەقە یۆنانییەکانەوە تاکوو ئێستا وەک بەرامبەری وشەی یۆنانیی syllogism بە کار براوە. syllogism چەشنێ deduction، واتە ھەڵھێنجانە. بەڵام ھەندێ جار لە کتێبەکاندا بە deduction -یش دەڵێن قیاس.[٣]
مەرجەکان
دەستکاریقیاس لە سادەترین شێوەی خۆیا، لە سێ قەزیە دروست بووە: دوو پێشەکی و یەک ئاکام. بەڵام، دانانی ھەڕەمەکی و بەھەڵکەوتی سێ قەزیە لە پاڵ یەکترا، نابێ بە قیاس. ئەرەستوو بڕێ مەرجی بۆ دوو پێشەکییەکە و ئاکامەکە دەسنیشان کردووە، کە ئەگەر بەجێ بھێنرێن، دەکرێ پیان بوترێ قیاس. مەرجی یەکەم ئەوەیە کە نابێ لە ئاکامەکەدا تێگەیشتەیەک دانرابێ کە لە ناو دوو پێشەکییەکەدا نەدۆزرێتەوە. ئاکام بەپێویست دەبێ لە دوو پێشەکییەکەوە دەربچێ. ئەوەی لە ئاکامدا ھەیە، ھەرچەندە ڕاستییەکی نوێیە، لە پێشەکییەکانەوە وەرگیراوە. یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە کە سنوورێکی ھاوبەش ببێ لە نێوان پێشەکیی گەورە و پێشەکیی گچکەدا. واتە تێگەیشتەیەک کە لە ھەر دوو پێشەکیدا دووپات بێتەوە. بەم تێگەیشتەیە کە دەبێتە ھۆی پەیوەندیی نێوان پێشەکییەکان دەڵێن سنووری نێوان (بە عەرەبی: حد وسط؛ بە ئینگلیزی: middle term). ئەگەر ئەم سنوورە ھاوبەشە لە نێواندا نەبێ، ئاکام دروست ناکرێ. مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە ھاوکات ھەردوو پێشەکییەکە نەرێنی نەبن. ھیچ ئاکامێک لە دوو پێشەکیی نەرێنییەوە دەرناچێ. ھەروەھا، ھیچ ئاکامێکیش لە دوو پێشەکیی ھەندەکییەوە دروست نابێ.[٤]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ Tittle، Peg. Critical thinking, an appeal to reason. لاپەڕە 63.
A syllogism is deductive argument with two premises
- ^ Smith، Robin (2020)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Aristotle's Logic»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (چاپی Fall 2020)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٢ ھێنراوە
- ^ عظیمی، مھدی. «پیشنھادھایی برای ترجمە سە گانە دیداکشن/اینداکشن/ابداکشن». اندیشە فلسفی.
{{cite journal}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ کەمال، محەمەد (٢٠١٦). لۆجیکی ھیگڵ. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. لاپەڕە 24–27.
ئەم «فەلسەفە» وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە قیاس تێدایە. |