ماد

گەلێکی دێرینی باشووریی ڕۆژاوای ئاسیا

ماد ناوی دەسەڵاتدارییەتیەکی کوردە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایینی مەسیح کۆچیان کرد بۆ ڕۆژاوای بانەکانی ئێران و کوردستان.[١][٢] مادەکان بناغەی یەکەم پاشایییەتی ئاریائییەکانیان دامەرزان بە شکست پێھێنانی ئاشووریەکان لە ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسیح، بووە گەورەترین پاشایەتی ڕۆژاوای ئاسیا. پاشایەتی ماد لە سەردەمی ھەڤەخشترە حۆکمڕانی گەورەترین پاشایەتی ڕۆژاوای ئاسیای دەکرد. بە سەر وڵاتانی ئێران، تورکیا و ئەفغانستانی ئەمڕۆ. یەکەم گەورەترین دەسەڵاتدار بوو کە ھەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەی خستە ژێر فەرمانی خۆی.

سنووری دەسەڵاتی شانشینی ماد

کۆمەڵە ھێرشەکانی ئاشوورییەکان بۆ سەر ھەرێمی ماد لە ٨٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسیح، ئەو نەتەوەی تووشی کێشە کردبوو. ھێرودوت دەنووسێت:

ئاشوورییەکان زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ حکومڕانیان کرد لە ئاسیادا. یەکەم خەڵکانێک وا بەرامبەری دەسەڵات ڕاوەستان، مادەکان بوون. ئەوان بۆ ئازادی شەڕیان کرد، تێکۆشان و لە بەندەیی ڕزگار بوون. مادەکان بە باوباپیری کورد ناسراون.[٣][٤][٥][٦][٧][٨]

وشەی ماد یان میدی لە ناوی مازای یان مادای (کە بە زمانی ئینگلیزی بە میدۆس ناوی ھاتووە) کوڕی یافیز یان جافێز کوڕی نووح ھاتووە، کە یەکێکە لە شازدە نەوە نێرەکانی نووح لە دوای لافاوە گەورەکە کە ڕزگار بووی کارەساتەکە بوون.[٩]

مێژووی ماد

دەستکاری

یەکەم ئاماژەکان لەسەر نەتەوە ماد لە نووسراوەیەکی مێژوویی لە کوێستانەکانی کوردستان دۆزرایەوە کە باسی لە ھێرشی شڵمانسەری سێەھەمی کردووە. ئەم نووسراوەیە بۆ ساڵی ٨٣٧ پێش زایین دەگەڕێتەوە. مادەکان لە ڕەگەزی ھیند و ئەورووپایین کە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین کۆچیان کردووە بۆ ئەو شوێنەی تایفەکانی گۆتییەکان، لۆلۆیییەکان، کاسییەکان، ھۆرییەکان لەوێدا نیشەجێبوون و لەوێ گیرسانەوە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیەیان لە خۆدا تواندەوە. لە نزیکی شاری ھەمەدان لە ئێرانی ئێستادا، بەرزایی ھەگمەتانە کە خاوێن مێژینەی بەقەد مادەکانە واتە لە سەردەمی مادەکان پایەتەختی ئەوان بووە و دوای ئەوانیش پایتەختی ھەخامەنشیەکان بووە (ھاوینە ھەوار). گرینگترین نووسراوەکان سەبارەت بە ماد لە نووسراوەکانی ھێرودوتدایە کە ٥٠٠ساڵ پێش لە داییکبوونی مەسێح نووسیویەتی. لە تەوراتدا بە کورتی باسی ماد کراوە.

شانشینی ماد

دەستکاری

شانشینی ماد یان وڵاتی مادیا ناوی وڵاتێکە کە ئەو خەڵکەی بە ماد دەناسرێن لەوێ گیرسانەوە. وڵاتی ماد دوو بەش بوو، کوردستانی ئێستا و ئازەربایجانی ئێستای ئێران و بەشێک لە تورکیای ئێستا مادی بچووک و بەشێک لە عێراق و پارێزگاکانی کوردستان، ھەمەدان، کرماشان و لوڕستانی ئێستا مادی گەورە بوون. پایتەختی ماد لە ڕابردوودا ھەگمەتانە بووە دوایی بە ئەکباتان ناوی گۆڕدرا. ئەو قەومە لە کوێستانەکان گیرسانەوە و لە بەرد مس، ئاسن، نۆقرە و زێڕ و مەڕمەڕیان بەدەست دەھێنا. لە تەختایییەکانیشدا کشتوکاڵیان دەکرد.

سنووری خاکی ماد

دەستکاری

سنووری خاکی ماد لە باکوورەوە ڕووباری «ئاراس» و لووتکەکانی چیای ئەلبورز لە خوارووی دەریای خەزەر، لەڕۆژھەڵاتەوە دەشت شۆرەکاتەکانی دەشتی «کویر» و لە ڕۆژاواو خواروەوە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە و لە کەناری خوارووی دەریاچەی ورمێ و دەوروبەری چەمی «جەخەتو» و ئەو ڕووبارانەی کە شانبەشانی ئەو دەڕۆن، ئەم ناوچەیە لە سەدەی نۆیەمی پێش زاییندا ناوی «زاموای» ناوخۆ بووە.

زمانی مادی

دەستکاری

زمانی مادی زمانێکی کۆنە و مردوو وا بڕوا دەکرێ کە لە دەستەی زمانە ئێرانیەکان بێت کە لە کاتی مادەکان قسەی پێ کراوە.[١٠][١١] ئەم زمانە لەگەڵ زمانەکانی کوردی، مازەندەرانی، گیلەکی، تاڵشی، بەلۆچی، سمنانی و پارتی وەکوو زمانانی ئێرانیی باکووری ڕۆژاوا دەناسرێ.

نزیکترین زمان لە زمانی مادەکان و زمانی پەرتووکی پێغەمبەر زەردەشت (ئاڤێستا) زمانی کوردی موکریانە[١٢][١٣]

ئاڵای ماد

دەستکاری

ئاڵای ماد لە یەکێ لە بەڵگە نامە مێژوویییەکاندا نووسراوە کە ئاڵاکەیان لەناوەڕاست سپی بووە بەشی سەرەوە سوور و خوارەوە زەرد و لە ناوەندی ئاڵاکەش شێرێک و خۆرێک ھەبووە.[ژێدەر پێویستە]

تیرەکانی ماد

دەستکاری

وەک زانیارییە مێژوویەکان پێمان دەڵێن ٣ تیرە لە ٦ تیرەکەی یەکییەتی ماد واتە بوسیەکان، ستروخاتیەکان و بوودیەکان، بەشی کوردەکان بووە و ٣ تیرەکەی تر بریتی بوون لە ئاریزانتیەکان (پیاو ماقووڵەکان) کە لە نزیکی کاشانی ئێستای ئێران دەژیان و موغەکان بە کورد ناسراون[١٤] ئەوان لە نێوان شاری مەراغە و ڕەی ئێستای تاراندا دەژیان و لە کۆتاییدا پارتاکانیەکان ئەو خەڵکە بوون و لە ئیسفەھانی ئێستادا ژیانیان دەبردە سەر. وەک نووسراوە یۆنانییەکان دەڵێن تیرەی ستروخاتیەکان کە بە ساگارتی ناویان دەبردرێ لە کرماشانی ئێستادا بوون کە ناوی یۆنانی کراوەکەی یانی زاگرۆس بۆ زنجیرە کوێستان ئەو ناوچە داندرا.

پێکھاتنی پاشایەتی ماد

دەستکاری

وەک یۆنانییەکان باسی دەکەن دوای ھێرشە پڕھێز و دڕندانەکانی ئاشووریەکان بۆ سەر خەڵکی ماد، دەوروبەری ساڵی ٧٠٨ پێش زایین، ڕابەرێک لە تیرەکانی ماد کە ناوی دیاکۆ دەبێ، لەلایەن نوێنەرانی یەکییەتی تیرەکان، بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ناوەندی ھەڵدەبژێردرێت. بە یەکگرتنەوەی تیرە بەربڵاوەکان و ڕێکەوتن لەسەر یاساکانی ناودەوڵەتی، حکوومەت پەرە دەسێنێت و ھەگمەتانە بە پایەتەختی خۆیان دادەنێن.

پاشاکانی ماد

دەستکاری
  1. دیاکۆ (٧٠۹ تا ٦۷٨ی پێش زایین) ۳۱ ساڵ درێژەی ھەبووە.
  2. فرەڤەرتیش (٦۷٨ تا ٦٥۳ی پ. ز) ٢٥ ساڵ درێژەی ھەبووە.
  3. ھەڤەخشترە یان کەیخەسرەو (٦۲٥ تا ٥٨٤ی پ. ز) ٤۱ ساڵ درێژەی ھەبووە.
  4. ئەژیدەھاک (ئاستیاگ) (٥٨٤ تا ٥٥٠ی پ. ز) ٣٤ ساڵ درێژەی ھەبووە.

نزیکەی ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین لە نێو مادەکاندا کەسایەتییەک دەژیا بە ناوی دیاکۆ کە لەلای ھەموو مادەکانەوە ڕێزێکی تایبەتیی ھەبوو. دیاکۆ مرۆڤێکی باشناسیاو، تێگەیشتوو و ھەڵکەوتەی گوندەکەی بوو. خەڵک کە لێزانی و تێگەیشتوویی و دادوەریی دیاکۆیان دیبوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشە و ئاژاوەکانیان ھانایان دەبردە بۆ ئەو. دیاکۆ بوو بە خۆشەویستی ھەمووان و ناوبانگی داخست، وای لێ ھات کە لەبەر دادگەری و پیاوچاکییەکانی لەلایەن خەڵکەوە داوای لێکرا کە ببێ بە سەرۆک و پاشایان. ئەویش کە بشێوی و بەربڵاوی و ھەتەران و تەتەرانی ناوچەکە ئازاری دەدا، بە داخوازییەکەیان قاییل بوو و بڕیاری دا مادەکان لە دەوری یەک کۆکاتەوە و لەوان نەتەوەیەکی یەکگرتوو و ھاوبەش پێک بێنێ.

لە یەکەم ھەنگاودا داوای کرد لە خەڵک کە واز لە جودایی بێنن و لە دەوری یەکدا کۆبنەوە و فەرمانی دا کە پایتەختێک ساز کەن. ئەوە بوو کە شاری ئیکباتانیان ساز کرد. شارەکە حەوت شوورەی بازنەییی بەدەوردا کێشرابوو و ھەر شوورەیەک لەویتر بەرزتر بوو و بارەگای شا و خەزێنەکانی لە نێو ئاخرین شوورەکەدا بوو. چێوەی دیوارە دەرەکییەکانی زۆر لە دیوارەکانی ئاتێن پایتەختی یۆنان دەچوو. ڕەنگەکانی ئەو شوورە حەوتەوانانە بە ڕیز بریتی بوون لە سپی، ڕەش، ئەرخەوانی، شین و نارنجی. لە سەربانی دوو شوورە دوایینەکە، یەکێکیان بە زێو و ئەوی دیکەشیان بە زێڕ داپۆشیبوو.

بە شاری ئیکباتان، ھەگمەتانەش وتراوە و ئەوڕۆکە پێی دەڵێن ھەمەدان. دیارە درێژایی زەمان ھەموو شتێکی لێ سڕیوەتەوە و بۆنوبەرامەی مادەکانی لێ نایە، بەتایبەت کە پاش مادەکان ئەو شارە ھەمیشە لەدەستی ناحەزانی ماد بووە و ھەرچی شارستانییەتی ئەو شارە بووبێ سڕیویانەتەوە یان بۆ خۆیان بردوویانە.

فرەڤەرتیش

دەستکاری

فرەڤەرتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەست و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لە نێوان ساڵانی ٦۷٨ و ٦٥۳ حوکمی گێڕا. لە کاتی ھاتنە سەرتەختی فرەڤەرتیش، ھۆزی سەکا کە تیرەیەکی شەڕانی و جەنگاوەر بوون لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان. پارسەکانیش لە باشوور دەژیان. فرەڤەرتیش ھەردەم ھەوڵی دەدا کە سنوورکەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو ھێرشی بردە سەر پارسەکان و مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد؛ بەڵام ئەو لە خولیای ئەوەدا بوو کە ھێرشیش بەرێتە سەر ئیمپراتۆریی ئاشوور و کۆتایی بە زۆڵم و ستەمی ئاشوورییەکان بێنێ و گەلێ نەتەوە کە ناچار بوون باج و پیتاک و سەرانە بە ئاشوورییەکان بدەن لە ژێری ئەو بێدادییەدا ڕزگار بکات.

سوپایەکی گرانی کۆ کردەوە و بەرەو نەینەوا پایتەختی ئاشوورییەکان کەوتە ڕێ. ھەواڵ گەیشتە ئاشوورییەکان، ئەوان لە پێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سەکاکانیش کە لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان و ھاوپەیمانی ئاشوورییەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لە پشتەوە خستەڕێ بۆ ھێرشبردنە سەر مادەکان و پشتیوانی لە ئاشوورییەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورس و گران لەو نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سەکاکان و ئاشوورییەکانەوە.

لە یەکێ لەو شەڕانەدا لە ساڵی ٦٥۳ی پێش زایین فرەڤەرتیش کوژرا و دەوڵەتی ماد کز بوو و سەکاکان کە ھەلیان بە لەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتن و تاڵانکردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی ٢٨ ساڵ ھەتەران و تەتەرانیان لە وڵاتی ماددا دەکرد و کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.

ھەڤەخشترە (کەیخەسرەو)

دەستکاری

پاش کوژرانی فرەڤەرتیش، کوڕەکەی کە ناوی ھەڤەخشترە یان بە کوردی کەیخەسرەو بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. دیارە ئەو کێشەی زۆری لەگەڵ سەکاکان ھەبوو. ھەڤەخشترە پێشەوایەکی لەبار و لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا سەرکردەیەکی بێوێنە بوو. ئەو بۆ ئەوەی کە بتوانێ بەرەنگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایەکی ڕێکوپێکی کۆکردەوە و پسپۆڕانە باریھێنان. سوپایەک بریتی لە سوارە و پیادە. سوارەکانیان شانیان لە شانی سوارەکانی ئاشووری دەدا و پیادەکانیان لە تیرھاویشتن بێوێنە بوون و بە تیروکەوان و نێزە چەکدار بوون.

لەبەر ئەوەی کە وڵاتی ماد جێگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەی ئەسپ بوو و مادەکان ھەر لە منداڵییەوە شارەزای ئەسپسواری و تیرھاویشتن بوون، کاری ھەڤەخشترە ئاسانتر دەبوو بۆ پێکھێنانی سوارەیەکی خاوەن ئەزموون. ھەڤەخشترە توانیی جەنگاوەرانی ئازا و بەجەرگی وا بار بێنێ کە لە ھیچ شتێ نەترسن. ھەر بە یارمەتیی ئەو سوپا نەبەزە توانیی سەکاکان کە دەمێک بوو لە وڵاتی ماددا کەوتبوونە تاڵان و کوشتوبڕ تێک بشکێنێ و لە وڵات وەدەریان نێ. بەوجۆرە تۆڵەی باوکی و وڵاتە تاڵانکراوەکەی مادی لە سەکاکان کردەوە.

 
شێوازی لەبەرکردنی جل و بەرگ لە سەردەمی ماد

پاشانیش لەگەڵ نەبوو پۆلاسار پاشای بابل کە پێشتر بە یارمەتیی مادەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست ھێنا بوو، یەکی گرت و بە سوپایەکی گرانەوە ھێرشی بردە سەر ئاشوورییەکان و شاری نەینەوای لە ٦١٢ی پێش لە زاییندا گرت کە پایتەختی ئاشوورییەکان بوو. ساراکوس (سەنا خەریب) کە پاش مەرگی ئاشوور بەنیپال ببووە پاشای وڵاتی ئاشوور، کە دی بەرگەی مادەکان ناگرێ ئاگرێکی گەورەی ھەڵکرد و خۆی و خاووخێزانی خستە ناو ئاگرەکە و بەوجۆرە چرای تەمەنی ھەزار ساڵەی ئیمپراتۆریی ئاشوور کوژرایەوە.

لە سەردەمی ھەڤەخشترەدا وڵاتی ماد گەلێک پەرەی سەند. ھەڤەخشترە بە تێگەیشتوویی و زانایی خۆی خزمەتی گەورەی بە مادەکان کرد. ئیمپراتۆریی ماد لە سەردەمی ئەودا زۆر بڵاو و بەرین ببوەوە. ھەڤەخشترە لە ساڵی ٥٨٤ی پێش زایین کۆچی دواییی کرد.

ئەژیدەھاک (ئاستیاگ)

دەستکاری

پاش ھوڤخشەترە، کوڕەکەی کە ناوی ئاستیاگ بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش نزیکەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتداریی کرد. لە سەردەمی ئەودا وڵاتی ماد ھێمن و کڕوکپ بوو. ئاستیاگ بە لاساییکردنەوەی پاشایانی ئاشووری بارەگای دروست کرد و خەڵکێکی زۆر تێیدا کەوتنە کارکردن. دەربارییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەر دەکرد و لە ڕێوڕەسم و بۆنە تایبەتییەکاندا زنجیر و ملوانکەی زێڕینیان دەکردە مل.

ئاستیاگ کچێکی ھەبوو بە ناوی ماندانا، ئەم کچە درابوو بە مێرد بە یەکێ لە سەرکردەکانی پارس لە باشوور. ئەویش دواجار کوڕێکی دەبێ کە ناوی دەنێن کوورش. کاتێ کوورش گەورە دەبێ خۆی بە پارسێکی تەواو دەزانێ و بڕیاریش دەدا کە وڵاتی ماد داگیر بکات.

سوپایەک کۆ دەکاتەوە و بە سیاسەتیش خۆی لە بابلییەکان نزیک دەکاتەوە و داوایان لێ دەکا کە پێکەوە ھەڵمەت بەرنە سەر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییەکانیش کە دەمێک بوو لە حەسرەتی (ھاران) دا بوون کە ڕێگای ھاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و لەژێر دەستی مادەکاندا بوو، دەبن بە ھاوپەیمانی پارسەکان و دوو قۆڵی ھێرش دەبەنە سەر وڵاتی ماد و پاش گەلێ شەڕی قورس و گران، ئاستیاگ کە زۆریش بەتەمەن بوو وپاشا و سەرکردەی سوپای ماد بوو، لەلایەن پارسەکانەوە بە دیلی دەگیرێ و چەمەسەریی زۆر دەبینێ. بەوجۆرە دەسەڵاتداریی مادەکان دەکەوێتە دەستی پارسەکان و کوورش دەتوانێ حکوومەتی ھەخامەنشییەکان بۆ یەکەمجار دامەزرێنێ. بەوجۆرە ئیمپراتۆریی ماد لە ساڵی ٥٥٠ی پێش لە زاییندا سەرەوژێر دەبێ.

ململانێی ماد و لیدیا

دەستکاری

ململانێی نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی ماد و ئیمپڕاتۆرییەتی لیدیا (کە لە باکووری خۆراوای تورکیای ئێستا دەسەڵاتی ھەبوو) لە سەردەمی پاشایەتی کەیخەسرەو دەستی پێکرد دوای ئەوەی کەیخەسرەوی پاشای ماد بە ھاوپەیمانێتی بابل توانی ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشور لەناوببات ئینجا دەستی کرد بە فراوان کردنی سنووری دەسەڵاتی بەم جۆرە دەسەڵاتی بەرەو باکووری خۆراوای تورکیای ئێستا ھەڵکشا، دواتر ھێزەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ماد ھێرشیان بردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لیدیا بەم جۆرە شەڕ لە نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی ماد و ئیمپڕاتۆرییەتی لیدیا ھەڵگیرسا، پاش پێنج ساڵ جەنگ ھیچ لایەک نەیتوانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێت. بەپێی سەرچاوە مێژوویییەکان لە دوا شەڕی نێوانیاندا خۆرگیران ڕوویدا ھەردوولا ئەمەیان بە موعجیزەیەکی خوایی زانی ھێزەکانی ھەردوو لە شەڕکردن کشانەوە و پاشەکشەیان کرد دواتر بەپێی پەیمانێکی نێوانیان ڕووباڕی ھالیس بوو بە سنووری نێوانیان. ھەرچەندە شەڕی نێوانیان کۆتایی ھات بەڵام ململانێی نێوانیان ھەر بەردەوام بوو تا ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی ماد و لە سەردەمی ئاستیاگ یاخود ئەژدەھاکی کوڕی کەیخوسرەویش ململانێکە ھەر بەردەوام بوو بەو ھۆیەوە ئیمپڕاتۆرییەتی لیدیا بەرەو لاوازی دەچوو و ئیپڕاتۆرییەتی مادیش توانی چەند شار و ناوچەیەک لە ئیمپڕاتۆرییەتی لیدیا داگیر بکات، بەڵام ڕووخانی ئیمڕاتۆرییەتی ماد بە دەستی ھەخامەنشییەکانەوە کۆتایی بەو ململانێیە ھێنا، دوای ڕووخانی ماد لیدیاش زۆر لاواز ببوو بەھۆی ململانێکەی لەگەڵ ماد بەوھۆیەوە ھەخامەنشییەکان ھێرشیان بردە سەر لیدیا و ئەو ئیمپڕاتۆرییەتەشیان ڕووخاند و ئیتر ململانێکە کۆتایی ھات.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Pishdare، Sardar (2014). In Depth History of the Kurds and Kurdistan (بە ئینگلیزی). AuthorHouse. ISBN 9781491884508.
  2. ^ Mirwaisi، Hamma (2020). The History of the Kurdish people (بە ئینگلیزی). Vol. 2. p. 191.
  3. ^ مەردۆخی، شێخ محەممەد. مێژووی کورد و کوردستان.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  4. ^ مەردۆخی، شێخ محەممەد. مێژووی کورد و کوردستان.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  5. ^ Kurdistan and the Kurd a divided homeland and a nation without a state. p. 55.
  6. ^ Kurdistan and the Kurd a divided homeland and a nation without a state. p. 21.
  7. ^ Kurdistan and the Kurd a divided homeland and a nation without a state. p. 56.
  8. ^ «Who are the kurd».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  9. ^ ڕەچەڵەکی کوردانی قەڵای دم دم لە ڕواندز، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٢٠
  10. ^ Geography, Strab. 15.2.8
  11. ^ (Gershevitch 1968, p. 1)
  12. ^ مەردۆخی، شێخ محەممەد. مێژووی کورد و کوردستان.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  13. ^ To mesopotamia and kurdistan in disguise.
  14. ^ مەردۆخی، شێخ محەممەد. مێژووی کورد و کوردستان.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  NODES