حیکمەت تێگەیشتەیەکی زۆر گرنگە لە دین و لە فەلسەفەدا کە بەکورتی بریتییە لە زانایییەکی ھاوڕێ لەگەڵ کردەوە (عیلم + عەمەل). [١] وشەکە زیاتر وەک بەرامبەری ڕۆژھەڵاتی-ئیسلامیی وشەی یۆنانیی «فەلسەفە» بەکار ھاتووە.[٢][٣]

حیکمەت وشەیەکی عەرەبییە لە ڕیشەی ح ک م. ھەموو ئەو وشانەی لەم ڕیشەیەوە سەریان ھەڵداوە، وەکوو حاکم، حکوومەت، حوکم و، حەکەم، ماناکەیان بەسراوە بە داوەریکردن و بڕیاردان و فەرماندانەوە.[٤] جەمال نەبەز وشەی «پیتۆڵی» بە ھاوسەنگی کوردیی وشەی حیکمەت دادەنێ و ئەڵێ «پیتۆڵ بە مانای فەیلەسووف و بلیمەت و قسەزانە و، لە پیت بە مانای حەرفەوە دێ و، عەرەب پێ ئەڵێ حەکیم». [٥] بەڵام، ھەژار لە وەرگێڕانی قورئاندا لە بەرانبەر حیکمەتدا «کارزانی» و «لەکارزانی»ی بەکار ھێناوە. بۆ نموونە، ئایەتی ٢٦٩ی سوورەتی بەقەرەی ئاوەھا وەرگێڕاوەتەوە «لەکارزانی دەدا بە ھەر کەس بیھەوێ. بە ھەر کەسیش لەکارزانی بدرێ، ئەوە خێری زۆری پێ دراوە. ئامۆژگاریش بەھرە نادا مەگین بۆ خاوەن ئاوەزان.»[٦] [٧] یان وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ [٨]ی ئاوەھا کردووە بە کوردی «سوێند بە قوڕئان، کە سەرلەبەر کارزانییە.»[٧]

ڕوانگەی فەلسەفە

دەستکاری

یۆنانیانی دێرین حیکمەتیان بە فەزیلەتێکی گەورە ئەزانی و لە کەسایەتیی خواژنەکانیاندا، بەتایبەت میتیس و ئاتینا، شێوەیان پێ دابوو.[٩] بە لای سوقرات و ئەفلاتوونەوە، مانای ڕاستەقینەی فەلسەفە حیکمەتدۆستی (فیلۆ "خۆشویستن" + سۆفیا "حیکمەت") بووە. ئەمە تەنانەت لە دیالۆگەکانی ئەفلاتوونیشدا خۆی ئەنوێنێ. بەتایبەت لە کۆماردا کە بڕیارە میران و ڕێبەرانی یوتۆپیاکەی فەیلەسووفان بن، حاکمانێ کە چاکە ئەناسن و ئەو بوێرییەیان تێدایە کە بە گوێرەی بجووڵنەوە. ئەرەستوو، لە میتافیزیکەکەیدا، ئەڵێ حیکمەت تێگەیشتن لە سەبەبە (ھۆ)، واتە زانینی ئەوەی کە شتەکان بۆچی وان، نەک تەنیا زانینی ئەوەی کە شتەکان وان.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ مالیک حوسەینی، سەیدعەلی تاڵەقانی. چەمکی حیکمەت ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. زانستنامەی جیھانی ئیسلام. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١١.
  2. ^ ئۆلیڤەر لیمان. چەمکی فەلسەفە لە ئیسلامدا ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. وێبگەی www.muslimphilosophy.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١١.
  3. ^ حیکمەت ٣٠ی ئایاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. زانستنامەی گەورەی ئیسلامی.
  4. ^ ح ك م. wiktionary.org.
  5. ^ نەبەز، جەمال. وشەنامەی ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی. pp. ٢٥٨.
  6. ^ عەرەبییەکەی ئەمەیە «يُؤْتِي الْحِكْمَةَ مَنْ يَشَاءُ وَمَنْ يُؤْتَ الْحِكْمَةَ فَقَدْ أُوتِيَ خَيْرًا كَثِيرًا وَمَا يَذَّكَّرُ إِلَّا أُولُو الْأَلْبَابِ»
  7. ^ ئ ا ھەژار. «قورئانی پیرۆز بە کوردی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە./٢». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/٢٧.
  8. ^ ئایەتی ٢ی سوورەتی یاسین
  9. ^ «ئاتینا، خواژنی یۆنانیی حیکمەت و سەنعەت». Goddessgift.com. لە ڕەسەنەکە لە ١٣ی ئایاری ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  NODES
os 3