مەتەڵ
مەتەڵ (بە ئینگلیسی: Riddle ، بە عەرەبی:لغز ) بە واتای گرێ کوێرە و شتی ئەستەم و ئاماژەیه بە وتەیەکی ھۆنراو کە مەبەست و واتایەکی شاراوەی تێدایە و ڕادەی بیرتیژی، وریایی، زیرەکی و ژیری مرۆڤ ھەڵدەسەنگێنێ.
وشە ھاوتاکان
دەستکاریلە زمانی کوردیدا بۆ وشەی مەتەڵ ئەم وشانەش بەکار دێن:ھەتەڵ، مەیل، ھەڵێنە، چەوچە، مامک، تێدەرخستۆک، تشتانۆک، دەناچییە، لیچار، چمام، قاف، پەردەک، چێ کە چێ کە
لێکدانەوەی مەتەڵ
دەستکاریلێکدانەوەی مەتەڵ زۆر شتی نادیار و شاراوەمان بۆ دەردەخات؛ جگە لەوەی ڕادەی بیرتیژی، ژیری و وریایی نەتەوەییمان بۆ دەردەخات، زۆر زاراوە و وشەی تایبەتی ئەو زمانەش لە تیاچوون دەپارێزێت . لە زمانی کوردیدا بە ھۆی فرەدیالێکتیکی و زاراوەی جۆراوجۆر، ھەر ناوچەیەک مەتەڵی تایبەت بە خۆی ھەیە و ئەمە دەبێتە ھۆی دەوڵەمەند بوونی مەتەڵەکان.
فرەدیالێکتیکی
دەستکاری- کرمانجی باکوور:
«دەسرۆکەکا گول گولی، تژی سێڤێت سۆر کری» (ئاسمان و ئەستێرە)
«چار برایە، جا دیارە، یەکی گەرمە، یەکی سارە، یەکی بارە» ( ھاڤین، زڤسان، بەھار، پاییز)
- کرمانجی ناوەڕاست:
«حەوزە قووڵە، دەوری تووڵە» (چاو)
- کەلھوڕی:
«ئەگەر فام دیر فامد لە ھۆزە، کام لەی مەلیلە، وەھار وەشیرە» ( شەمشەمە کوێرە)
- گۆران:
«نانوو شەوێ رۆنە بڕیو، پانزە ڕوێ جا وریۆ» (مانگ) و...
جۆرەکانی مەتەڵ
دەستکاری- زۆرێک لە مەتەڵەکان زەینی بێ وێنەی خەڵک دروستیان کردووە، لە سەرەتادا زۆر سەرسووڕھێنەر و دوور لە زەینن، جاری واھەیە وشەیەک بۆ سەرلێشێوانە و مرۆڤ بە ھەڵەدا دەبات و لە وەڵامی دروستی مەتەڵەکە دووری دەخاتەوە وەک:
« ملی ھەیە و سەری نییە، باسکی ھەیە و دەستی نییە» (کراس)
- جاری وایە بڕێ لە وشەکان بۆ ئاھەنگین کردنی و ڕازاندنەوەی مەتەڵەکە دێن و ھیچ مانایەکیان نییە وەک:
« ھەلاران و مەلاران، ھێلکە دەکەن لە داران، بۆ فەقیر و ھەژاران» دوو وشەی ھەلاران و مەلاران بۆ ڕازاندنەوەی مەتەڵەکە ھاتوون
- زۆرێک لە مەتەڵەکان بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێنەوە و لە گەڵ پەندی پێشینیاندا کۆنترین دەقی پەخشانی کوردی پێک دەھێنن، وەک:
- «ڕەقە بە ڕەق دەکەوێ، سوورە بە نەرمی دەکەوێ» (ئەستێ و پووش)
- چوومە سەر بەردێ، ڕوانیم لە زەردێ، دارێ بە چەپۆک، بەر بوو لە بەردێ» (ئاشی ئاو)
- «زەوی لافاوە، شارێک لە سەر ئاوە، ھەموو زیندەوەرێکی لە ناوە» (گەمیەکەی نووح)
- بەشێک لە مەتەڵەکان بابەتی ئیسلامییان تێدایە و سەر بە سەردەمی ئیسلامین وەک:
«پیاوێ نوێژی ئەکرد، سڵام لای ڕاستی داوە نوێژەکەی بەتاڵ بوو، سڵام لای چەپی داوە تەڵاقی کەوت، سەری ھەڵبڕی ڕۆژووەکەی شکا»
- بەشێک لە مەتەڵەکان دەچێتەوە سەر ئامێر و کەرەستەی نوێی ئەمڕۆ، وەک:
«ئەوە چییە بەرزی ئەکەیتەو یەک پای ھەیە، دای ئەنی سێ پای ھەیە» (فەرخون)
- بڕێک لە مەتەڵەکان گاڵتە و گەپ و پێکەنینیان تێدایە و ھەندێکی تریان جنێو، قسەی تاڵ و ترش و جاری واشە بابەتی شیرین و خۆشی تێدایە، وەک:
«دەمی تاقە، چاوی زاقە» (کڵاو)
«سەری یەکە و بنی دوو، بە باو باپیرتا چوو» (شواڵ)
«بنی دەگڵی، قەدی دەکەرێ، سەر دەتوو، ئەگەر نەزانی چاوت دەرێ)» (کەنگر)
«بە شەوا قسرە و بە ڕۆژا ئاوس» (پێڵاو)
- و
...
سوودەکانی مەتەڵ
دەستکاری- بۆ ھەڵسەنگاندنی ھۆش و وریایی
- کێبەرکێ و کات بەسەر بردن
- بەھێز بوونی بیر و ھۆش
- پاراستنی وشەو زاراوەکان
- لێکدانەوەی باری کۆمەڵناسی، ئابووری، مێژوویی، کەلتووری و ...
- زانیاری لە مەڕ ژیان و ژیواری ڕابردووان
- و...
پێکھاتەی مەتەڵ
دەستکاریمەتەڵ ڕستە یا دەستەواژەیەکی وەسف کراوە کە توخمی وەسف کراو بەشی بنەڕەتی پێکھاتەکە پێک دێنێ. لە ھەر مەتەڵێکدا لانیکەم بابەتێک ھەیە کە ئاشکرا وەسف دەکرێت(بابەت) و ھەواڵێک سەبارەت بەو بابەتە ئەدرێت( ھەواڵ) وەک:
- «دارەکەی سەر تەجەرە، ھەر پەلێکی سەد خەنجەرە» (خۆر)
( دارەکەی سەر تەجەرە)بابەت و ( ھەر پەلێکی سەد خەنجەرە)ھەواڵ.
بڕێ مەتەڵ دوو یا چەند بەشی وەسفییان ھەیە ، وەک:
- «سەوزه وەک خەیار، بەرزە و ەک چنار، ترشە وەک ھەنار» ( ڕێواس)
پۆلێن کردنی مهتهڵ به پێی بابهت
دەستکاری=== ئایینی===
- «پێنج فەرزی بێ بیسمیلا»(بانگ)
- «بیگری مشتێکە، بەری دەی دەشتێکە» (نەوس)
- « خۆی فەڕزە، نییەتی سونەت» (غوسڵ)
- «خۆی سونەتە، نییەتی فەرز» (دەسنوێژی مەییەت)
- «بیبینی لە بەری ناکەی، لە بەری بکەی نابینی» (کفن)
سروشت و ژینگە
دەستکاری- «دەڕوا پێی نییە، دەخورێ گۆشتی نییە» (ئاو)
- «سەری سپییە و مووی نییە، ھەڵدەپەڕێ و پیی نییە» (تەرزە)
ئەندامەکانی لەش
دەستکاری- «بانێکە و ھەیوانێکە، چوار بزنەو شوانێکە» (پەنجەی دەست)
کەل و پەل
دەستکاری- «ئاغای شەو، خانمی ڕۆژ» (گەسک)
- «لایێ کوورەیە، لایێ کڕێوە» (یەخەچاڵ/ سەلاجە)
- «کلکی دارە، ملی خوارە، دەمی ھارە» (داسوکە)
ئامێر و کەرەستە
دەستکاری- «کارت پێ بێفڕەی دەدەی، کارت پێ نەبێ ھەڵیدەگری» (تۆڕی ڕاوەماسی )
- «ھەتا بایدەی، قورستر دەبێ» (تەشی)
- «ھەموو زمانێ دەزانێ» (قەڵەم)
- «سێ یاریزان، دوانزە سەیرکەر» (کاتژمێر)
خۆراک
دەستکاری- «ناوی شارێکە، لە سەر دارێکە» (پرتەقاڵ)
- «سەری دەبڕی و بۆی دەگری» (پیاز)
- «بە ساقی مەلا، بە شکاوی حاجی» (ھێلکە)
ئاژەڵ و بەرھەمی ئاژەڵی
دەستکاری- «ئەخوێنێ بولبول نییە، مەلە ئەکا ماسی نییە، ھەڵدەبەزێ کەروێشک نییە» (بۆق)
بیرو ھۆش
دەستکاری- «دە لە دەیان دەرێنی، دەمێنێتەوە دە» (دەسکێش و پەنجەکانی ھەردوو دەست)
و...
دەستکاری- «تا لێی زیاد بێ، کەم دەکا» (تەمەن)
- «بەڕۆژ لە گەڵتا دەڕوا، بە شەو دادەنیشێ» (سێبەر)
جوانکاری لە مەتەڵدا
دەستکاریله مهتهڵدا جۆرهکانی هونهری زمان پاراوی و جوانکاری بهدی دهکرێت، وهک: خوازه، چواندن، کینایه، دژیهکی، تێههڵکێش، تیل نیشان، کورته و... . زۆربهی زۆری مهتهڵهکان کێش و سهروادارن و بڕگهیین، یان به شێوهی پهخشانێکی ڕازاوه و هۆنراون.
باوای چهفت و چێڵ، دایهی سهرپانه/ کوڕیان شیرینهو کوڕهزا دێوانه
- باوای چهفت و چێڵ: خواستن له دارمێو
- دایهی سهرپانه: خواستن له گهڵا
- کوڕیان شیرینه: خواستن له ترێ
- کوڕهزا دێوانه: خواستن له مهی
- کوڕیان شیرینه: خواستن له ترێ
- دایهی سهرپانه: خواستن له گهڵا
سەرچاوە
دەستکاریکتێبیمەتەڵ و موعەمما - ئیبراھیم ئەحمەدی
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە مەتەڵ تێدایە. |